هه‌ڵوێسته‌یه‌ک له کۆبیری ڕۆشنبیرانی ناسیاسی
2011/03/20 at 6:17 AIM: لێدوانێک بنووسە
ئازاد به‌کر:ده‌بێ حیکمه‌تی خۆدزینه‌وه‌ی ڕۆشنبیران له سیاسی بوونیان، سه‌ره‌ڕای ده‌م ژه‌نین و خۆ هه‌ڵقورتاندیان له سیاسه‌ت، خزمه‌ت به چ ڕه‌وتێکی فیکری و فه‌لسه‌فی له کۆمه‌ڵگه‌دا بکات؟ خزمه‌ت به چ چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندی کێ بکات؟ ده‌بێ قوتابخانه‌ی فیکری و فه‌لسه‌فی ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانه له کوێوه سه‌رچاوه‌ی گرتبێت؟ ئایا ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی ئه‌مڕۆ خۆیان له که‌سێتی سیاسی داده‌ماڵن به‌رجه‌سته‌ی چ واقعیه‌تێك له پێشخستنی کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌که‌ن؟ ئایا ئه‌و جۆره هه‌ڵوێستگرتنه‌یان له نه‌زانین و تێنه‌گه‌یشتنیانه‌وه‌یه له سیاسه‌تکردن، یان سیاسه‌تکردن به‌لای ئه‌وانه‌وه کارێکی قێزه‌ون و نامرۆڤانه‌و نه‌شیاو و زیانبه‌خشه بۆ کۆمه‌ڵگه؟ ئه‌گه‌ر وایه! ئایا ئه‌لته‌رناتیڤی گۆڕانکاری له کۆمه‌ڵگه‌دا به‌لای ئه‌وانه‌وه ده‌بێ چی بێت؟ که‌واته چ سیسته‌مێکی ناسیاسی ده‌توانێت ئازادی و خۆشگوزه‌رانی له کۆمه‌ڵگه‌دا جێگیربکات؟ چ چه‌مکێک ده‌توانێ له کۆمه‌ڵگه‌دا بێ له حیزبی سیاسی ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌بردن و یه‌کڕیزی و یه‌کگرتوویی سه‌رخستنی خواست و داواکانی خه‌ڵکی چه‌وساوه و به‌شمه‌ینه‌ت بێت؟
بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه، مێژوو ده‌که‌ینه سه‌نگی مه‌حه‌ک و هه‌وڵ و پێشکه‌وتنی مرۆڤایه‌تی له ڕابردوودا ده‌که‌ینه پێوه‌ر بۆ زیندوو ڕاگرتنی هه‌ڵوێستی ڕاستگۆیانه به‌رانبه‌ر کۆمه‌ڵگه و ڕووداوه‌کان له مێژووی مرۆڤایه‌تیدا. یاساکانی مێژوو له‌شیکردنه‌وه‌ی مێژووی کۆمه‌ڵگه و ڕه‌وتی په‌ره‌سه‌ندنی مێژوو‌دا، تێڕوانینی گشتی چینه‌کان به‌و یاسایانه‌وه که داهێنان و دۆزینه‌وه فیکری و تیۆریه ئایدیۆلۆژیه‌کان به‌درێژایی مێژوو مرۆڤ ده‌ستی بۆ بردووه ده‌به‌ستێته‌وه. زۆرن ئه‌و که‌سایه‌تیه سیاسیانه‌ی توانیویانه ڕۆڵ و نه‌خشی پۆزه‌تیڤ و کاریگه‌ر له کۆمه‌ڵگاکاندا بگێڕن، زۆرن ئه‌و زانا و فه‌یله‌سوف و بلیمه‌ته سیاسیه پێشکه‌وتوانه‌ی ژیانی خۆیان کرده قوربانی ئاسۆی ئازادی فیکر و ئایدیۆلۆژیایی مرۆڤپه‌روه‌ری. تا ئه‌م ساته‌ش ئێمه‌ی مرۆڤ سوود له تیۆری و ڕێنمایی و ووته و به‌رهه‌می فیکریان وه‌رده‌گرین. واته سیاسه‌تکردن پێویستیه‌کی ژیاریی مێژوویی و هۆشیارانه و بابه‌تیانه بووه له به‌شداربوونی تاکی کۆمه‌ڵگه‌دا بۆ باشکردن و دابینکردنی ژیان و ئایینده‌یه‌کی پڕ ئاسووده‌یی و داپه‌روه‌ری.
تائێستا ڕۆشنبیران قه‌وانێکی کۆنی بیر سواو له ووتار و گوفتاره‌کانیاندا په‌خش ده‌بێت، که زیاتر له‌زۆر ووتن و درێژدادڕی فه‌لسه‌فه‌یه‌کی چه‌ق به‌ستوودا قه‌راری گرتووه. هه‌میشه له گۆڕه‌پانی سیاسه‌تدا ئاماده‌ن و ده‌م و لوت ده‌ژنه هه‌موو بوارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و فه‌رهه‌نگیه‌وه، به‌ڵام به‌بۆچوونی ئه‌وان که‌سی تر له‌وان زاناتر و هۆشیارتر و هه‌ستیارتر و مرۆڤپه‌روه‌ر تر و سیاسی‌تر نیه. که دێنه قسه‌ش ده‌ڵێن ئێمه سیاسه‌توان نین و ته‌نیا تێفکرین و ڕای خۆمان به‌یان ده‌که‌ین. سه‌روبنی قسه‌کانیشیان دژی سیاسه‌ت و حیزبه، به‌ڵام به‌لایانه‌وه هه‌موو حیزبه‌کان وه‌کو یه‌کن و ئاسییه و ده‌شتوانن بێ جیاوازی خۆیان له‌گه‌ڵ هه‌مواندا بگونجێنن، هه‌میشه‌ش له هه‌موو ڕوودا و گۆڕانکاریه‌کی سیاسیش‌دا ئامۆژگاری سیاسی به‌ده‌سه‌ڵات و حیزبی سیاسی بۆرژوازی کوردی ده‌ده‌ن و چاره‌سه‌ری سیاسیانه‌ی پێده‌به‌خشن، به‌ڵام کۆمه‌ڵگه‌ی پڕ کێشه‌ی چینایه‌تی و خه‌باتی چینایه‌تی نابینن و به‌لایانه‌وه گرنگ نیه و پشتگوێی ده‌خه‌ن.
به‌گشتی ئه‌م جۆره ڕۆشنبیرانه تێڕوانینێکی دۆگمایی و لیبرالانه و بۆرژوازیانه سه‌رتاپای بیر و کردار و نووسینه‌کانیانی داگرتووه. ناواخنی بیرکردنه‌وه‌یان له ئاست خزمه‌تکردنێکی مه‌رجدار و سوودمه‌ندانه و به‌رژه‌وه‌ند په‌رستانه‌ی بۆرژوازیانه‌دا خۆی ده‌نوێنێ. هه‌موو هه‌ڵوێستێکیان به نووسین و کرداریانه‌وه سیاسیانه و پیاهه‌ڵدانی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری و مانه‌وه‌یه‌تی، که‌چی ده‌ڵێن ئێمه سیاسی نین و ته‌نیا ده‌مانه‌وێ ئاگایی و هۆشیاری به کۆمه‌ڵگه بده‌ین. هه‌میشه‌ش قسه‌کانیان باسکردنی ئازادی مرۆڤ و یه‌کسانی و دادپه‌روه‌ریه، به‌ڵام به تێگه‌یشتنی خۆیان بۆ ئه‌و چه‌مکانه، وه هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجانه ده‌بێت به‌ڕێباز و بیرکردنه‌وه‌یه‌ک بێت که خۆیان ده‌یانه‌وێت، ئیتر خه‌باتی سیاسی و حیزبی سیاسی و کێشه‌ی چینایه‌تی لای ئه‌وان هیچ بایه‌خێکی نیه و بگره به‌ڕێگر و کۆسپی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و چه‌مکانه‌ی ده‌زانن.
گه‌ر سیاسه‌تکردن و حیزبایه‌تیکردن کارێکی کۆمه‌ڵایه‌تی بێت له پێناوی ئامانج و پێویستی و ئامڕازی کۆمه‌ڵایه‌تیدا، ده‌ستبردن بێت بۆ تیۆریه‌کی زانستی و حیزبێکی چینایه‌تی و خه‌باتی کۆمه‌ڵایه‌تی، ئاوات و ئامانجی ئه‌و حیزب و سیاسه‌ته دابینکردنی ئازادی و یه‌کسانی دادپه‌روه‌ری بێت، خراپیه‌که‌ی له‌چیدایه؟ مارکسیزم فێری کردووین بێ حیزب و به‌رنامه‌و په‌یڕه و پڕۆگرامی چینی چه‌وساوه که کرێکارانن، هه‌رگیز ناتوانرێت خه‌باتی چینایه‌تی بچێته پێش، سۆسیالیزم که یه‌که‌م هه‌نگاوی به‌جێگه‌یاندنی داخوازیه‌کانی چینی کرێکاره بهێنرێته دی. خۆ ناکرێ چینی کرێکار و توێژه بێبه‌شکانی کۆمه‌ڵگای سه‌رمایه‌داری هه‌تا هه‌تایه به کۆیله‌یی و ژێرده‌سته‌یی ڕژێمی سه‌رمایه‌داری بمێنه‌وه.
ته‌نیا سۆسیالیزم چاره‌سه‌ر و ئه‌لته‌رناتیڤی گونجاوی چینی کرێکاره بۆ ڕزگاربوون له‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی کۆمه‌ڵگه به‌گشتی تووشی هاتووه. گه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌یری کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان بکه‌ین هیچی له کۆمه‌ڵگه‌کانی تری جیهان که‌متر نیه، ناکۆکی چینایه‌تی و جیاوازی چینایه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تی، خه‌ڵکی به‌شخوراوی کوردستانی هێناوه‌ته سه‌ر شه‌قام و شۆڕش و ڕاپه‌ڕین هه‌موو کون و قوژبنێکی ته‌نیوه. جا ئه‌مه‌ی که ئێمه ده‌یبینین له‌م ڕاستایه‌دا نادادپه‌روه‌ری ده‌سه‌ڵاتی بۆرژوازی کوردیه خه‌ڵکیش له‌دژی ئه‌م نادادپه‌روه‌ریه ڕاپه‌ڕیوه. واته بۆرژوازی له کوردستان ده‌ستی به‌سه‌ر هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ژیانی خه‌ڵکدا گرتووه، ته‌نیا خۆیان و چینه‌که‌یان و ڕۆشنبیره‌کانی لێی سوودمه‌ندن. گه‌ر ئه ڕۆشنبیرانه گازنده‌و گله‌ییه‌کیشیان هه‌بێت خوازیاری مانه‌وه‌ی ئه‌م نه‌زمه‌ی سه‌رمایه‌دارین به گۆشت و ئێسقانه‌وه.
ئه‌زموونی مێژوویی بابه‌تیانه پێچه‌وانه‌ی بۆچوونی ئه‌و جۆره ڕۆشنبیرانه‌یه، پێویستی بوونی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکای وه‌ک بڕبڕه‌ی پشتی جوڵانه‌وه جه‌ماوه‌ری و کرێکاریه‌کان دیاریکردووه. ئه‌مه‌ش کارێکی پۆزه‌تیڤی و هه‌میشه‌یی کۆمۆنیسته‌کان بووه، بۆ ڕێکخستنی کرێکاران و جیاکردنه‌وه‌ی خه‌باتی کرێکای له به‌ره‌ی ئه‌حزابی بۆرژوازی و ئه‌رکی گونجاندن و ئاسۆدانی کۆمۆنیستی بووه به‌خه‌باتی کرێکاری له‌ڕێیه‌کی زانستیانه‌و سۆسیالیستیانه‌وه. وه‌ڵامێکیشه بۆ قۆناغی ئێستا به قازانجی خه‌باتی چینایه‌تی و ڕۆشناییدان به‌و بزووتنه‌وه مێژوویی یه. له‌لایه‌کی تره‌وه ڕزگاربوونه له، گێژاوی چه‌پگه‌رایی خۆڕسکی و سۆزداری نه‌ک ڕه‌تکردنه‌وه‌ی زانستی بابه‌تیانه‌ی مێژوو یان پیرۆزکردنی تاک ئیراده‌یی ڕووت و بڕوابوون به تاکه که‌سی و دوورکه‌وتنه‌وه له‌زانست و زانیاری کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی.
زانستی کۆمۆنیزم ته‌نیا گره‌نتییه‌که بۆ مانه‌وه‌ی حیزبێکی کۆمۆنیستی هاوچه‌رخ و واقیعی، که له به‌سته‌ڵه‌کی فیکری و ڕێکخراوه‌یی ڕزگاری بووبێت و ڕیشه‌ی خۆی له ناخی جه‌ماوه‌ردا داکوتابێت. ئه‌وکاته‌ش کرێکاران خۆیان له مه‌یدانی خه‌بات و له‌حیزبی خۆیاندا ڕابه‌ر و بڕیارده‌ر ده‌بن. ئیتر پێویستیان به‌ڕۆشنبیرانی سازشکار و به‌رژه‌وه‌ندخواز نیه‌و هیچ که‌س ناتوانێ وا به‌ئاسانی خۆی بکاته ده‌مڕاست و نوێنه‌ر و تیۆری ووشک و نا‌کرێکاری و ناچینایه‌تی بۆ داپتاشێت. ئه‌وکات کرێکارانی هۆشیار دوژمنی چینایه‌تی خۆیان باش ده‌ناسن و ئه‌م ده‌سته دژه چینایه‌تیه نوێ یه ناتوانێ به‌ره‌نگاری هێزی بزووتنه‌وه‌ی چینی کرێکار ببێت و هه‌لومه‌رج و بارودۆخی سیاسی به ئاره‌زووی خۆی له‌قاڵبدات.
ئیتر ئه‌وه ڕوون و ئاشکرا ده‌بێت که ئه‌مانه له ڕیزی چ چینێکی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕاوه‌ستاون، ئیتر قسه‌کردنیان له‌سه‌ر نه‌بوونی ئازادی و گه‌نده‌ڵی، ڕۆشنه تاکوێ بڕده‌کات و چاره‌سه‌رکردنیشیان له چوارچێوه‌ی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری ده‌رناچێت. هه‌روه‌ها ده‌رده‌که‌وێت که سه‌رچاوه‌ی هه‌موو گرفت و کێشه‌و ناکۆکی و ناخۆشی و نه‌هامه‌تیه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگه، ئه‌و سیسته‌م و یاسانایه که بۆرژوازی و ڕۆشنبیرانی شانازی پێوه ده‌که‌ن. کاتێک ئه‌وان قسه له‌سه‌ر ناسیاسی بوون و ڕه‌تکردنه‌وه‌ی حیزب ده‌که‌ن، ته‌نیا ئه‌یانه‌وێ خۆیان له‌و ڕاستییه سه‌لمێندراوه به‌دووربگرن، که ئه‌وه حیزبه‌کانی ناسیونالیستی بۆرژوازی کوردییه ده‌ستیان له بینی خه‌ڵکی چه‌وساوه‌دایه تا له خێر و سامانی ئه‌م ووڵاته بێبه‌شبن. ئه‌گینا هه‌موو هیوا و ئاوات و ئامانجی کۆمۆنیسته‌کان خۆشگوزه‌رانی و یه‌کسانی و ئازادی و دادپه‌روه‌ریه بۆ مرۆڤایه‌تی به‌گشتی.
به‌پێچه‌وانه‌ی بڕوای ئه‌م ڕۆشنبیرانه‌وه، ئه‌مڕۆ ته‌نیا سیاسه‌ت و سیاسه‌تکردن کاروباری گشت ووڵاتان به‌ڕیوه‌ده‌بات، به‌ڵام ده‌بێ باش بزانین هۆکاری دواکه‌وتویی کۆمه‌ڵایه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردستان ناسیاسیبوونی جه‌ماوه‌ره، بۆیه ده‌بێت هه‌موو مرۆڤێک که دڵی بۆ گۆڕین و گۆڕانکاری لێده‌دات ده‌ست به‌سیاسه‌ته‌وه بگرێت و سیاسه‌ت بکات، به‌ڵام ده‌شبێت چینی کرێکار و توێژه چه‌وساوه‌کان بزانن، چ سیاسه‌تێک خزمه‌ت به‌به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان ده‌کات و چ فیکر و حیزب و ئایدیۆلۆژیایه‌ک جێگای ئاواتی جه‌ماوه‌ری به‌شخوراوه، تا بتوانن لێیه‌وه به ماف و خواسته ڕه‌واکانی خۆیان بگه‌ن.
19.02.2011
Entry filed under: ئازاد به‌کر.
Trackback this post | Subscribe to the comments via RSS Feed