وتوێژی ئۆپۆزسیۆن له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵات،ئــــاسنــــی ســــارد كــــوتــــانــــه
2011/07/15 at 9:29 PM لێدوانێک بنووسە
به درێژایی مێژو‌وی دروستبوونی كۆمه‌ڵگای مرۆڤایه‌تی ناكۆكیی نێوان تاك و تاك خێزان و خێزان تیره و تیره، خێڵ و خێل نه‌ته‌وه و نه‌ته‌وه وڵات و وڵات یان دوو گه‌لی ناو یه‌ك وڵات هه‌بووه، زۆربه‌ی ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر پاوانخوازیی و سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات بووه دواتر ئه‌م كێشمه‌كێش و ناته‌باییه سه‌رده‌كێشێ بۆ جیاوازیی بیر‌وڕاو شێوازی حوكم و ده‌رئه‌نجام چه‌وسانه‌وه‌ی تاقمێك له‌لایه‌ن تاقمێكی دی و دواتر دروستبوونی رێكخراو و حیزب بۆ داكۆكی له مافی زوڵملێكراوان، ئه‌م ناكۆكییانه به دوو رێگا كۆتاییان هاتووه، دیالۆگ یان هێز.
كوردستانی له‌مه‌ڕ خۆشمان به‌ده‌ر نه‌بووه له‌م ململانێ و كێشمه‌كێشه‌ی وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات، ئه‌مه‌ش هۆكاری سه‌ره‌كی دروستنه‌بوونی كیانێكی سه‌ربه‌خۆی كوردی بووه، ده‌سه‌ڵاتدارانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و زۆربه‌یان وابارهاتوون كه چوونه‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات چۆڵی ناكه‌ن مه‌گه‌ر به زه‌بری زۆر و راونان، كوشتن یان مردن، (مه‌لیك و سه‌رۆكه‌كانی عێراق و دواهه‌مینیان سه‌دام حسێن، شای ئێران، حوسنی موباره‌ك، حافز ئه‌سه‌د، بن عه‌لی، ئه‌میری قه‌ته‌ر….) سه‌ركرده‌كانی كورد بۆیان نه‌لواوه سه‌رۆكی وڵاتی كوردانبن، له‌به‌رئه‌وه‌ی كورد وڵاتی سه‌ربه‌خۆی نه‌بووه، به‌ڵام كه بوونه‌ته سه‌رۆك یان كه‌سی یه‌كه‌می حیزب تا مردن بووه و دوای خۆشیان نه‌وه‌كانیان جێیان گرتو‌ونه‌ته‌وه و هه‌رگیز سه‌رۆك یان سكرتێری حیزبێكی كوردی خۆی پاشه‌كشه‌ی له پۆسته‌كه‌ی نه‌كردو‌وه و برا گه‌وره بووه و ده‌بێ، ئه‌ندامانی حیزب خۆشیان بێ و ترشیان بێ ئه‌وان سه‌رۆكن و پیرۆزن (قازی محه‌مه‌د، عه‌بدولڕه‌حمانی قاسملۆ و شه‌ره‌فكه‌ندی و مه‌لا مسته‌فا تا نه‌مردن وازیان نه‌هێنا) ئێستاش له كوردستان هه‌رگیز ئاسۆیه‌ك نابینین كه كه‌سی یه‌كه‌می حیزبێكی كوردی وازبهێنێ بۆ كه‌سێكی دی و بگره بۆ دوای خۆشیان كوڕ و براو برازایان ریز كرد‌ووه بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و پۆسته سه‌رنج بده‌ن له بزو‌وتنه‌وه‌ی ئیسلامی، پارتی، یه‌كێتی، سۆسیالیست هه‌مان سیناریۆی سه‌رۆكه كۆنه‌كان د‌ووباره ده‌بێته‌وه.
ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان ماوه‌ی بیست ساڵه قۆرغكراوه بۆ دوو حیزب و له ناو ئه‌و دوو حیزبه‌شدا بۆ نوخبه‌یه‌كی نه‌گۆڕ و له سه‌رو هه‌ره‌می ده‌سه‌ڵاتیشه‌وه ده‌سه‌ڵاتی دوو بنه‌ماڵه، كورد له‌مڕوه‌شه‌وه شانسی ره‌شی هێناوه، گه‌لانی چه‌وساوه‌ی دونیا گیرۆده‌ی ده‌ستی یه‌ك سه‌رۆك و یه‌ك ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری یان تۆتالیتارین، به‌ڵام گه‌لی كورد گیرۆده‌ی ده‌ستی دوو حیزب و دوو بنه‌ماڵه‌و دوو سه‌رۆكه و بۆ دابه‌شكردنی ده‌ستكه‌وته‌كان به رێككه‌وتنێكی ستراتیژی خۆیان گرێداوه، له‌به‌ر ئه‌م هۆیه و نه‌بوونی گیانی ده‌ستاو ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات مه‌حاڵه به شێوه‌یه‌كی دیموكراسیانه و له رێگای خۆپیشاندان و گفتوگۆ ته‌نانه‌ت سندوقی ده‌نگدانه‌وه واز له كورسی ده‌سه‌ڵات بهێنن هه‌ر هیچیان پێنه‌كرێ رێگه‌ناده‌ن ده‌نگدانێكی بێ گزی و فزی ئه‌نجام بدرێ به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وامی به ده‌سه‌ڵاتی خۆیان ده‌ده‌ن و شه‌رعیه‌تی شۆڕشگێڕیی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان راده‌گه‌یه‌نن، خۆیان له‌و راستییه گێل ده‌كه‌ن كه ئه‌و نیمچه قه‌واره كوردیه‌ی له 1991ه‌وه به‌رجه‌سته بووه به‌رهه‌می هه‌ڵه‌ی كوشنده‌ی (سه‌دام حسێن) بوو له داگیركردنی كوێت و سه‌ركێشی (جۆرج بۆش) و چه‌سپاندنی ناوچه‌ی دژه‌فڕین و فیداكاری گه‌لانی عێراق به گشتی و كورد به تایبه‌تی بوو پێشئه‌وه‌ی به‌رهه‌می خه‌باتی ئه‌وان بێت، خۆشیان باش ئه‌م راستییه ده‌زانن و ده‌توانن به گه‌ڕانه‌وه بۆ پێش مانگی ئابی 1990 هه‌ڵسه‌نگاندنێك بۆ توانای سه‌ربازیی و سیاسی خۆیان بكه‌ن و بزانن ئاخۆ له لێواری هه‌ره‌سێكی دی‌دا نه‌بوون هه‌رچه‌نده ئه‌م لێواری هه‌ره‌سه بارودۆخێكی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمی و نابه‌رانبه‌ری هێز و ئه‌نفال و كیمیاباران سه‌پاندی نه‌ك بێباوه‌ڕی و بێتواناییی شۆڕشگێڕانی كورد و گه‌لی كوردستان، به‌ڵام ئه‌وه راستییه‌ك بوو ناكرێت له یاد بكرێت و له‌به‌رچاو نه‌گیرێت، ئه‌گه‌ر به وردی سه‌رنجی بارودۆخی ئه‌مڕۆی كوردستان بده‌ین ئه‌م هه‌رێمه دووره له چه‌سپاندنی مافی مرۆڤ، هه‌رێمێكه یاسا تێیدا سه‌روه‌ر نییه، بنه‌ماكانی دیموكراتیه‌ت فه‌رامۆشكراون، فره‌حیزبی هه‌یه به‌ڵام دوو حیزبی فه‌رمانڕه‌وا برا گه‌وره ئه‌وانی دی (جگه له ئۆپۆزسیۆن) ده‌نگی ناڕه‌زاییان به زه‌بری مووچه بۆ حیزبه‌كانیان كز‌و لاواز كراوه یان هه‌ر نییه، ده‌زگاكانی حكومه‌ت بوونه‌ته پایه‌گا بۆ شه‌رعیه‌تدان به بڕیاره‌كانی حیزب و بنه‌ماڵه، ده‌رگای كرانه‌وه به‌ر‌ووی دونیای شارستانیه‌تدا كڵۆمكراوه، یه‌كتر قبوڵكردن له ئه‌جێندای حیزبه‌كانی ده‌سه‌ڵاتدا نییه، ئازادی راده‌ربڕین تا ئه‌و ئاسته قبوڵه كه ره‌خنه‌ی ریشه‌یی نه‌بێ بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات وه‌ڵامی وشه به هه‌ڕه‌شه‌و لێدان و گرتن و برینداركردن كوشتن ده‌درێته‌وه.
ده‌سه‌ڵاتێك خۆی كه‌ڕِكردبوو له ئاست ئه‌و هه‌موو كه‌موكوڕی و نادادپه‌روه‌رییه‌ی كه له كوردستاندا هه‌بوو تا له 17 شوباتدا جه‌ماوه‌ر رژایه سه‌شه‌قام و پاش ئه‌وه دانی به كه‌موكوڕییه‌كاندا ناو داوای گفتوگۆی كرد له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی شه‌قام، نوێنه‌رانی شه‌قامیش زۆر له‌خۆبایی بوانه و بێگه‌ڕانه‌وه بۆ جه‌ماوه‌ری خۆپیشانده‌ر وتوێژیان ره‌تكرده‌وه، ئۆپۆزسیۆن زۆر شه‌رمنانه كۆمه‌كی خۆپیشاندانده‌رانی كرد و نه‌یتوانی خۆی بكاته خاوه‌نی خۆپیشاندان زۆر به دوودڵی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ خۆپیشاندانه‌كان كرد و به درێژایی 90 رۆژی خۆپیشاندان سه‌ركرده‌ی هیچ یه‌ك له سێ لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كه نه‌یتوانی هاوبه‌شی راسته‌وخۆی خۆپیشاندانه‌كان بكات و ده‌سه‌ڵاتیش هه‌میشه له هه‌وڵی لاوازكردنی خۆپیشاندانه‌كانبوو له چوار رێگاوه:- گره‌و له‌سه‌ر هیلاكبوونی جه‌ماوه‌ر – دابڕانی خۆپیشانده‌ران له ئۆپۆزسین -نانبڕین و ترساندن و تۆقاندنی خۆپیشانده‌ران- ناردنی كه‌سانی گێره‌شێوێن و تێكده‌ر بۆ ناو خۆپیشانده‌ران به مبه‌ستی به‌لاڕێدا بردن و ئه‌نجامدانی توند‌و تیژی بۆ ئه‌وه‌ی پاساوی هێرشی سه‌ربازی بۆ بڕه‌خسێ و كۆتایی به خۆپیشاندانه‌كان بهێنێ و له 19 نیساندا به فیعلی توانی كۆنتڕۆڵی سه‌راكانی ئازادی بكات كۆتایی به خۆپیشاندان بهێنێ و ده‌سه‌ڵات به شێوه‌یه‌ك زه‌نده‌قی له خۆپیشاندان چووبوو له یه‌كی ئایاریشدا رێگه‌ی به خۆپیشاندانی كرێكاران نه‌دا. من پێموایه ده‌سته‌واژه‌ی خۆپیشاندانی ناڕه‌زایی دژ به‌م ده‌سه‌ڵاته كوردییه له ئه‌جێندای حاكمانی ئه‌مڕۆی كوردستاندا بۆ ئه‌به‌د سڕایه‌وه. ده‌سه‌ڵات زیره‌كانه‌تر مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ بارودۆخه‌كه‌دا كرد بۆ درێژه‌دان به ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتگه‌رایی خۆی، ئۆپۆزسیۆن و خۆپیشانده‌رانیش نه‌یانتوانی له لوتكه‌ی خرۆشانی جه‌ماوه‌ردا هه‌له‌كه بقۆزنه‌وه له كاتێكدا كه دروشمی (بڕۆ و روخان) له ئارادا نه‌بوو كه‌واته ئه‌نجام چاكسازیی بوو ئه‌ی هۆكار چی‌بوو و داواكه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێم و به‌رپرسه‌كانی دی بۆ گفتوگۆ ره‌دكرانه‌وه؟! به‌رای من ده‌بوایه داواكه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمیان له ئه‌وپه‌ڕی به‌هێزی شه‌قام و ئۆپۆزسیۆندا قبوڵكردبا و خۆیان خۆپیشانده‌رانیان بناردایه‌ته ماڵه‌وه و ده‌ست به وتوێژبكه‌ن ئه‌و كارته به‌هێزه‌یان له ده‌ستدا كه بتوانن چۆن خۆپیشانده‌رانیان نارده ماڵه‌وه هه‌رواش بیانهێننه‌وه سه‌ر شه‌قام.
كاتێك به‌زۆر خۆپیشانده‌ران له‌شه‌قام دو‌ورخرانه‌وه ئاسان نابێت هێنانه‌وه‌یان بۆ سه‌ر شه‌قام، ده‌رئه‌نجام خۆپیشانده‌ران نه‌ك هه‌ر ئه‌و داوایانه‌یان جێبه‌جێنه‌كرا كه خۆپیشاندانیان له پێناودا كرد به‌ڵكو بكوژانی خۆپیشانده‌رانیشیان بۆ نه‌دانه دادگا (بۆ ریش چو‌وین سمێڵیشمان دانا) و سه‌رباری ئه‌وه‌ش بكوژان خه‌ڵاتكران و پله‌یان به‌رزكرایه‌وه و له‌م كه‌ش و هه‌وایه‌دا ده‌سته‌یه‌ك له نوێنه‌رانی سه‌رای ئازادی جیا ده‌بنه‌وه و ده‌چنه ده‌رباری سه‌رۆك و به ده‌ستی به تاڵ ده‌گه‌ڕێنه‌وه و دوای ئه‌وانیش ئه‌و ئۆپۆزسیۆنه‌ی كه مه‌رجی یه‌كه‌می هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت بوو بێمه‌رج راده‌كێشرێته سه‌ر مێزی گفتوگۆ و داوا ره‌واكانی شه‌قام له‌بیر ده‌كات و له وتووێژێكدا له به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵاتێك كه له گه‌رمه‌ی گفتوگاندا له‌بری ئه‌وه‌ی بكوژانی رێژوان و هاوه‌ڵه‌كانی بداته دادگا دێت و فاروق ره‌فیق ده‌گرێ و سه‌رو گوێلاكی ئیسماعیلی بێژه‌ری سه‌رای ئازادی ده‌كوتن و ئه‌مان هه‌ر به‌رده‌وامن پرۆژه پێشكه‌شده‌كه‌ن و ژماره‌ی كۆبوونه‌وه‌كان له چوار سه‌رده‌كات و وه‌ك تیلی به‌رانبه‌ر كێ ئاڵوگۆڕی پرۆژه‌ی چاكسازیی ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵات هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌ت به هێڵی سو‌ور داده‌نێ و ئۆپۆزسیۆن له پاشه‌كشه‌یه‌كی به‌رده‌وامدا ده‌سته‌واژه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حكومه‌ت به پێكهێنانه‌وه‌ی حكومه‌ت ده‌گۆڕێ و حكومه‌ت پێیانده‌ڵێ پرۆژه و پاكێجی خۆتان بۆ خۆتان ئێمه خۆمان چاكسازیی ده‌كه‌ین خۆمان پرۆژه‌مان هه‌یه و پێویستمان به راوێژ و پرۆژه‌ی ئێوه نییه و ده‌یه‌وێ به‌كات كوشتن ئۆپۆزسیۆن له‌به‌رچاوی لایه‌نگرانی بخات و سوك و رسوایان بكات له كاتێكدا كه واده‌ی هه‌ڵبژاردنی پارێزگاكان نزیك ده‌بێته‌وه، له كاتێكدا نوێنه‌رانی شه‌قام و ئۆپۆزسیۆن نه‌یانتوانی زیره‌كانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ خرۆشانی جه‌ماوه‌ر بكه‌ن و گره‌وه‌كه‌یان دۆڕاند و هاتوون له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكدا وتووێژ ده‌كه‌ن كه ده‌یه‌وێ ئه‌مانیش په‌لكێش بكاته ناو ئیداره گه‌نده‌ڵه‌كانی خۆی و بێده‌نگیان بكات و ده‌سه‌ڵات خۆی باش هه‌ندێك له‌لایه‌ن و كه‌سانی ئۆپۆزسیۆن ده‌ناسێ و ده‌زانێ پێشتر له ده‌سه‌ڵاتدا بوون و تام و چێژی كورسی و پاره‌یان هێشتا له یاد نه‌كردو‌وه و دو‌ور نییه به بیانو‌وی ره‌خسانی كه‌ش و هه‌وایه‌كی ساف و بێگه‌رد بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ئه‌م داوایه‌ی ده‌سه‌ڵات بهێننه‌دی، بۆیه لێره‌دا پێویسته به ئۆپۆزسیۆن بڵێین ئه‌وه هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌یه كه ئێوه داخڵی ده‌سه‌ڵاتی بنكه فراوان ببن، چونكه ئه‌و كه‌پره لاوازه‌ی دیموكراتیه‌ی كه ئێستا هه‌یه كۆڵه‌كه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی بوونی ئۆپۆزسیۆنه به‌نه‌مانی ئۆپۆزسیۆن هیچ مانایه‌ك بۆ دیموكراتیه‌ت نامێنێ ئێوه به چ روویه‌كه‌وه واده‌ی دووه‌م و سێیه‌می گفتوگۆتان دیاریكرد و هه‌نگاو بۆ چواره‌م كۆبوونه‌وه داده‌نێن بێئه‌وه‌ی بكوژانی رێژوان و هاوه‌ڵه‌كانی راده‌ستی یاسا بكرێن، به‌م پێیه بێت داخلی تونێلیێكی تاریكی كۆبو‌ونه‌وه‌تان ده‌كه‌ن كه ئه‌وسه‌ری دیار نه‌بێت، ئێوه له گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتێكدا گفتوگۆ ده‌كه‌ن نرخی شوشه‌ی شكاوی لا گرانبه‌هاتره له خوێنی رێژوان، ده‌سه‌ڵاتێك له‌بری ئاشكراكردنی بودجه و پاره‌ی نه‌وت دێت و له لابردنی جامی تاریكی ئۆتۆمبێله‌وه ده‌ستپێده‌كات و ئه‌م هه‌نگاوه به چاكسازیی داده‌نێ له كاتێكدا ئه‌مه ئه‌ركی ئه‌فسه‌رێكی پۆلیسی هاتوچۆیه و هه‌رگیز ناچێته خانه‌ی چاكسازیی و جگه له خۆڵ له چاوكردن چیدی نییه، ده‌سه‌ڵاتێك كه تا ئێستا له حیساباتی ئه‌ودا شتیك نییه به ناوی ده‌ستا و ده‌ستكردنی ده‌سه‌ڵات و هێشتا ده‌سه‌ڵاتی باوك ته‌واو نه‌بووه كوڕ گوڕی لێخوارد‌ووه‌ته‌وه، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت له ئه‌جێندایدا نییه و به هێڵی سو‌وری داناوه، حیساباتی وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان هێشتا دوای ئه‌م هه‌موو فشاره له جانتاكه‌ی وه‌زیردایه و له‌بری گرتنی بكوژانی خۆپیشانده‌ران به‌رنامه‌ی تۆڵه سه‌ندنه‌وه له خۆپیشانده‌ران به وردی جێبه‌جێده‌كه‌ن و كاتێك ئێوه له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆن ئه‌وان سه‌یاره‌ی چالاكوانه‌كانی خۆپیشاندان ده‌سو‌وتێنن و یاسای ئه‌نجو‌ومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم و ده‌زگای ئاسایش په‌سه‌ند ده‌كرێت كه ئێوه دژی وه‌ستاونه‌ته‌وه، ئێوه گفتوگۆ له‌سه‌ر چاكسازیی و سه‌روه‌ری یاسا ده‌كه‌ن به‌ڵام ئه‌وان له هه‌ولێری پایته‌خته‌وه هێرشی چه‌كداری (منڤم) ده‌كه‌نه سه‌ر دامه‌زراوه‌كانی ئیماره‌تی سه‌وز و به ویستی راوێژكارێكی ده‌سه‌ڵات و له ژێر سایه‌ی رێككه‌وتنی ستراتیژیدا هێرشی چه‌كداری ده‌كه‌نه سه‌ر شاره‌وانی ته‌كیه‌ی جه‌باری گولله‌بارنی ده‌كه‌ن و ده‌سه‌ڵات بێده‌نگه.
لێگه‌ڕێن واز له وتووێژ بهێنن و كه‌سیش هانمه‌ده‌ن بۆ خۆپیشاندان بۆ ئه‌وه‌ی كوڕی خه‌ڵك نه‌كوژرێ ئێوه كه كوڕی خۆتان به‌كوشتنه‌داوه و ناده‌ن مافی ئه‌وه‌تان نییه كوڕی ده‌یانی وه‌ك كاك زاهیر و باوكی بیلال و باوكی گه‌رمیان و ….. به كوشت بده‌ن ته‌نانه‌ت داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختیش مه‌كه‌ن و چاوه‌ڕێبن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجو‌ومه‌نی پارێزگاكان ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد كرا و ئه‌وان بردیانه‌وه ئه‌وه پیرۆزیان بێت ئه‌و میلله‌ته‌ی ئه‌وانی ده‌وێ ئه‌وانی پیرۆزبێت، گه‌ر ئێوه‌ش بردتانه‌وه ئه‌وه عه‌رز و ئه‌وه گه‌ز گه‌ر هه‌ڵبژاردنیش گزی و فزی تیاكرا ئه‌و كات ئه‌گه‌ر میلله‌ت هۆشیار بوو قسه‌ی خۆی ده‌كات و گه‌ر هۆشیاریش نه‌بوو لێگه‌ڕێن با هه‌ردوو بنه‌ماڵه ئه‌سپی خۆیان تاوبده‌ن له كێڵگه‌ی وڵاتی كۆیله‌كاندا و ده‌ستیان خۆش. ماوه‌ته‌وه به ده‌سه‌ڵاتی كوردی بڵێین له كوێن ئه‌و ده‌بابه (ببورن ناقله‌ی ئه‌شخاص)نه‌تان بۆ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران به‌كارتانهێنا؟! وا سنور به ده‌ستی هێزه‌كانی سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه بووه سوتماك بۆ نایانجوڵێنن؟!
عومه‌ری حاجی عینایه‌تی هه‌ڵه‌بجه‌یی
Entry filed under: عومه‌ری حاجی عنایت هه‌ڵه‌بجه‌یی.
Trackback this post | Subscribe to the comments via RSS Feed